وتەبێژی هەسەدە: دانانی تاوانباران لەپۆستە هەستیارەكانی سوریا هەنگاوێكی نەرینی و قبوڵ نەكراوە

  2025-05-07  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت، دانانی تاوانباران لە پۆستە هەستیارەکانی سوریایی نوێ، هەنگاوێکی نەرێنی و قبوڵنەکراوەو دامەزراوەکانی دەوڵەت پیس دەکات.

فەرهاد شامی، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، تاوانبار "ئەبو حاتم شەقرا" کە چەندین تاوانی ئەنجامداوە، لەوانە، تیرۆرکردنی شەهید هێڤرین خەلەف، پێویستە لە ناو قەفەسی دادگادا بێت نەک دامەزراوە فەرمییەکان، پێویستە بەرپرسان هەنگاوی بوێرانە بنێن بۆ لێپێچینەوە لێیان لە بەرامبەر تاوانەکانیان.

دەشڵێت، تاوانبارێک  لە ناوخۆدا داواکراوە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا سزا دراوە، بەهۆی ناوبانگی خراپیەوە ناتوانێت جێگەی تاوانبارانی پێشوو بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت بچێتە پاڵیان و هەمان چارەنوسی ئەوانی هەبێت.

ئەحمەد ئیحسان فەیاز ئەلهایس، ناسراو ئەبوشەقرا، لەچەند رۆژی رابردوودا لەلایەن  وەزیری بەرگری سوریا، بە فەرماندەی فیرقەی 86 سوپای نوێی سوریا لە حەسەکە و دەیرزورو رەقە دەستنیشانکرا.