نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دادگا پاساوی قەناعەتپێکەری بۆ سزادانی شێروان شێروانی پێشکەش نەکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ ئابی ٢٠٢٥ ، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای تاوانەکانی بنەسڵاوەی هەولێردەربڕی.
یونامی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "رەنگە سزاکە نەگونجاو بێت و جێبەجێکردنی ستەمکارانە بێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هێشتا سزاکە شیاوی تانە لێدانە، دادگا پاساوی قەناعەتپێکەری پێشکەش نەکردووە لەبارەی ئەو بارۆدۆخە توندەی بۆ دۆسیەکە دروستکراوە".
باسی لەوەش کردووە: یونامی بەشداری دانیشتنی دادگای کردووە، بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی دۆسیەکە، داواشی لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کردووە، زامنی شەفافیەت و دادپەروەریی رێوشوێنەکانی سزادان بکات، بەگوێرەی ستانداردە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان.