سکاڵاکان دژی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک رەتکرانەوە

  2024-12-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دادگای کارگێڕی عێراق ئەو سکاڵایەیی رەتکردەوە کە دژی دانانی پارێزگاری کەرکوک و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی تۆمارکرابوو، دادگاکە دەڵێت، "بۆمان نەسەلماوە رێوشوێنەکان هیچ سەرپێچییەکی یاسایی تیادابێت".

دادگای کارگێڕی عێراق سکاڵاکەی (سەلوا ئەحمەد میدان)ی رەتکردەوە، کە لەسەر سەرۆک کۆماری عێراق تۆماریکردووە، بەهۆی دەرکردنی مەرسومی کۆماریی بۆ دەستبەکاربونی (رێبوار تەها مستەفا) لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک، بەوپێیەی پێچەوانەی یاسایەو مەرسومەکەی بەرەنجامی دانیشتنێکی نایاسایی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکە بە بەپێچەوانەی یاسا رێکخراوە.

سکاڵاکار ئاماژەی بەوەداوە: بەبێ ئەوەی لەلایەن سەرۆکی تەمەن (راکان عەلی سەعید رزوان) داواکاری رێکسختنی بکرێت، وێڕای ئەوەی تەنها (٩) ئەندام بەشداری دانیشتنەکەیان کردووەو ئەندامانی تر ئەنجومەنی بانگهێشت نەکراون بۆ دانیشتنەکە، کە لە بارەگای هۆتێل رەشید لە پارێزگای بەغداد بە پێچەوانەی یاسا ئەنجامدراوە.

دادگای ئیداری لەوەڵامی سکاڵاکەدا دەڵێت: بۆ دادگا نەسەلماوە رێوشوێنەکان هیچ سەرپێچییەکی یاسایی تیادابێت، بۆیە دادگا بڕیاردی داوە بە رێککەوتن لەسەر رەتکردنەوەی سکاڵاکە، بەهۆی نەبونی هیچ پاڵپشتیەکی یاسایی.