هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عیراق بۆ گۆڕانكاری لە تەمەنی خانەنشینی كۆدەبێتەوە

  2025-01-10  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنەكە یەكەمین كۆبوونەوەی خۆی لە ساڵی 2025 بۆ تاوتوێكردنی پێشنیارێك كە داوا دەكرێت تەمەنی خانەنشینی لە كەرتی گشتی گۆڕانكاری بەسەردا بێت و لە 60 ساڵەوە بكرێتە 63ساڵ ئەنجامدەدات.

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، بەپێی كارنامەی دانیشتنی ژمارە یەكی ئەنجومەنی نوێنەران لە وەرزی یەكەمی یاسادانان لە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، بڕگەی پێنجەمی كارنامەكە كە تایبەتە بە هەمواری دووەمی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.

راشیگەیاندووە، خاڵی سەرەكیی هەموارەكە تایبەتە بە تەمەنی خانەنشینی و پێشنیارەكە بۆ ئەوەیە تەمەنی خانەنشینبوونی فەرمانبەران لە كەرتی گشتی بكرێتەوە بە 63 ساڵ كە ئێستا  بەهۆی هەمواری یەكەمی یاساكە لە ساڵی 2019 كراوەتە 60 ساڵ.