برازای ئۆجەلان، پەیامی نوێی عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵییەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئۆجەلان جەژنی نەورۆز و جەژنی رەمەزانتان پیرۆز دەکات.
ئەمڕۆ بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵا ئۆجەلان و عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی بە بۆنەی جەژنی رەمەزان، بۆ دیداری عەبدوڵا ئۆجەلان، سەردانی گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵییان کرد.
دوای سەردانەکە، عومەر ئۆجەلان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامی نوێی عەبدوڵا ئۆجەلانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە کاتێکدا پێشهاتی گرنگ لە تورکیا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان دەگوزەرێن، پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ رای گشتیی بڵاودەکەمەوە.
عومەر ئۆجەلان نووسیویەتی، پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان بەمشێوەیە بوو: "سڵاو بۆ ئەو جۆش و خرۆشە مەزنەی گەلەکەمان کە لە نەورۆزدا بەدەم بانگەوازمان بۆ ئاشتی و دیموکراسیەتی کۆمەڵگەوە چوون و خاوەندارییان کرد، دووبارە جەژنی نەورۆز و جەژنی رەمەزانتان پیرۆز دەکەم."