وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێم له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شێك له بانكه‌كانی سنوری پارێزگای هه‌ولێر رایگه‌یاند، "له ڕێگای به‌ره‌وپێشبردنی سیسته‌می بانكییه‌وه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كێشه‌كانی به‌رده‌م شێوازی دابه‌شكردنی موچه به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر ده‌بن".
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری هەرێم، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و ئابوری پێشوازیكرد له به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شێك له بانكه‌كانی سنوری پارێزگای هه‌ولێر، له‌دیدارێكدا كه محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكه بازرگانییه‌كان ئاماده‌ی بو، وه‌زیری دارایی سوپاس و پێزانینی ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م بانكه‌كان كرد كه له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا توانییان موچه‌ی مانگی ئازاری فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆران به به‌بێ كێشه و گرفت دابه‌ش بكه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا تیشكخرایه سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه‌ی بانكه‌كان له سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان و ڕایگه‌یاند، "له ڕێگای به‌ره‌وپێشبردنی سیسته‌می بانكییه‌وه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا كێشه‌كانی به‌رده‌م شێوازی دابه‌شكردنی موچه به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر ده‌بن".
له‌لایه‌كی تره‌وه وه‌زیری دارایی و ئابوری داوای له به‌ڕێوه‌به‌ری بانكه‌كان كرد له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێنمایی و ده‌سه‌ڵاتانای پێیان دراوه كارئاسانی ته‌واو بۆ ڕاییكردنی مامه‌ڵه‌ی هاوڵاتیان و فه‌رمانگه‌كان و كۆمپانیاكان و به‌ڵێنده‌ران بكه‌ن.
لای خۆشیانه‌وه به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكه بازرگانییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ری بانكه‌كانی سنوری پارێزگای هه‌ولێر سوپاسی وه‌زیری داراییان كرد كه به‌درێژایی چه‌ند ساڵی ڕابردوو هه‌میشه پشتیوان و هاوكاریان بووه و هه‌ر پێداویستییه‌ك له خزمه‌ت به‌ره‌وپێشچونی ژێرخانی بانكه‌كان بوبێت ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوه.