لێپرسراوی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، سوپای تورکیا، چیای کوڕەژارۆ و گارای بۆردوومان کرد و سەربازانی تورک تەقە بەڕووی گوندەکانی شیلادزێدا دەکەن، یەکێک لە فیشەکەکان بەر ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنی کەوتووە.
كامەران عوسمان لێپرسراوی بەشی مافی مرۆڤ لە ڕێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، لە کاتژمێر 10:36 خولەکی دوێنێ شەودا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بە چڕی بۆردوومانی چیای کوڕەژارۆیان لە شارەدێی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی کرد. دواتر لە کاتژمێر 2:20 خولەکدا، سەربازانی تورکیا لە بارەگا سەربازییەکانیانەوە تەقەیان بەڕووی گوندی بیریا شیخۆ لە دامێنی چی کوڕەژارۆدا کرد. یەکێک لە فیشەکەکان بەر ماڵی هاووڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (بەختیار محەمەد ڕەسوڵ) کەوت. ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە و سەرجەمیان لە خەودابوون کاتێک فیشەک لە جامی پەنجەرەکەیانەوە چووە ژوورەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆش، لە کاتژمێر 10:15 خولەکدا، تۆپخانەکانی تورکیا لە چیای مەتیناوە تۆپبارانی بەری نزارکێیان لە چیای گارا کرد، هیچ هاووڵاتییەکی مەدەنی نەبۆتە قوربانی، بەڵام هێرش و بۆردوومانەکان دڵەڕاوکێیان بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە.