ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لاوازبوونی دامەزراوە و دەسەڵاتە فیدرالیەکان تەنها زیانی گەورەی بۆ عێراق نابێ، بەڵکو زیانی گەورەتری بۆ کورد دەبێت، هەروەها سیستەمی حوکمڕانی و سیاسی لەعێراق ستۆک بوە و بەرەو بنبەست ئەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا شیعەکان نایانەوێت هەڵبژاردن دوابکەوێت، بۆ ئەوەی شەرعیەت دەستوری لەدەست نەدەن.
كاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دادوەر فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لەململانێیدا لەگەڵ دادوەر جاسم عەبود، سەرۆکی پێشوی دادگای باڵای فیدرالی یارییەکەی بردەوە و پێگەی خۆی لە دەوڵەتی قوڵ بەهێزتر کرد. دادوەر جاسم بوە قوربانی ململانێە ناوخۆییەکانی شیعە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ململانێی نێوان فایەق زەیدان و جاسم عەبود نمونەی زیندوی بەریەککەوتنی دامەزراوەکانە لە عێراق و زاڵبونی هەژمونی کەسیە بەسەر رۆڵی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
باسی لەوەشكرد، بەریەکەوتنی دەسەڵات و دامەزراوەکان و قوڵبونەوەی ناکۆکیەکانیان و تێکەڵبونی دەسەڵاتەکانیان و لاوازبونی دامەزراوەکانی دەوڵەت، هۆکارەکەی زاڵبونی پشک پشکێنەی سیاسی و کەسیی و گروپە جیاجیاکانن. لاوازبونی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەتایبەتی دامەزراوە و دەسەڵاتە فیدرالیەکان تەنها زیانی گەورەی بۆ عێراق نابێ، بەڵکو زیانی گەورەتری بۆ کورد دەبێت.
ئەوەشیخستەڕوو، جگە لە مەترسیە دەرەکیەکان و هاوکێشە هەرێمایەتیەکان، لەوانە هەرەشەی ئەمریکا بۆ سەر گروپە چەکدارەکانی (مقاومە) و سڕکردنی شەڕی ئێران- ئیسرائیل، دوێنێ سەرکردەیەکی بەئاگای وەک نوری مالیکی هۆشداریدا و وتی، عێراق بەدورنابێ لەمەترسیەکان. لەناوخۆدا مەترسی گەورەتر هەیە، کە سیستەمی حوکمڕانی و سیاسی لەعێراق ستۆک بوە، رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر بەرەو بنبەست ئەچێت.
كاروان یاروەیس دەشڵێت، قووڵبوونەوەی ململانێیەکان و تەشەنەکردنی گەندەڵی و بەرتیل خواردن و خراپ بەرێوەبردن و لاوازبوونی رۆڵی دامەزراوەکان و بوونی چەک لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت لەمەترسیە جددییەکانن، شیعەکان نایانەوێ هەڵبژاردن دوابکەوای بۆئەوەی بۆشایی دەستوری دروست نەبێ و دەسەڵاتی شیعە شەرعیەت دەستوری لەدەست نەدات، بەڵام دەبێت هەنگاوی جددی بنێن بۆ چاکسازی لەدەسەڵاتەکەیان بەڵکو رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر دەبێت.