مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا دەڵێت، "ھیوادار و خوازیارین لە ماوەیەکی نزیکدا ، کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت، کە بەداخەوە، بە مەبەست ڕێگری لە پێکھێنانی کراوە".
مەسرور بارزانی لە پەیامێکیدا بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێوە رایگەیاند: بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٦، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانیان دەکەم و هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و ئارامییان بۆ دەخوازم.
ئاماژەی بەوەشداوە: ساڵی ڕابردوو، ساڵی چەندین دەستکەوت و ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی بوو، لە ھەمانکاتدا ساڵی ئاستەنگ و ئاڵنگارییەکانیش بوو .
دەشڵێت: بە پشتیوانیی خودای مەزن و خۆراگریی خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، ساڵی ڕابردوو ، توانیمان چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراجۆرەکاندا ، بە تایبەتیش دابینکردنی کارەبای بەردەوام و چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی و بنیاتنانی ڕێگە و بان و باشترکردنی ژێرخانی دارایی و بانکیی بە ئەنجام بگەیەنین و بەردەوامیشین لە خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان.
سەرۆکی حکومەت ئەوەشی راگەیاندوە: هیوادار و خوازیارین لە ماوەیەکی نزیکدا ، کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، کە بەداخەوە، بە مەبەست ڕێگری لە پێکهێنانی کراوە، پێویستە چیتر بەرژەوەندی باڵای کوردستان نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی هیچ لایەنێک.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی دەڵێت: هەروەها ئومێدەوارین کابینەی نوێی فیدراڵیش، لە ئاییندەیەکی نزیکدا ، لەسەر بنەما و لەبەرچاوگرتنی پرنسیپەکانی هاوبەشیی و هاوسەنگیی و سازان پێکبھێنرێت.
ساڵی نوێ لە ھەمووان پیرۆز بێت و ھەمیشە لە شادی و تەندروستیدا بن .