کەشتی مەرگ، سێشەممە لە بەرازیلەوە دەگاتە عێراق

  2024-02-23  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وا بڕیارە رۆژی سێشەممە کەشتییەکی گوماناوی بگاتە بەندەری بەسڕە کە ئاژەڵی گۆشتی هەڵگرتووە و پێشتریش لە باشووری ئەفریقا نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.

بە گوێرەی میدیا عێراقییەکان، کەشتییەک لە وڵاتی بەڕازیلەوە لە دەریادایە بەرەو بەندەری فاو لە پارێزگای بەسڕە کە ١٩ هەزار سەر ئاژەڵی گۆشتی هەڵگرتووە و وابڕیارە لە بازاڕەکانی عێراق ساغ بکرێتەوە.

پێشتر ئەو کەشتییە لە شاری کەیپ تاونی باشووری ئەفریقا پشێوی نابووەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی لەکاتی لەنگەر گرتنیدا لە بەندەری شارەکە، خەڵکی ناوچەکە بۆنێکی ناخۆشیان کردووە و دوای پشکنین دەرکەوت هۆکارەکە ئەو کەشتییە و ئاژەڵەکان بوون.

بەدەر لە بۆنی ناخۆشی کەشتییەکە، گومانێکی دیکە هەیە کە ئەگەری هەیە ئەو ئاژەڵانە توشبووی نەخۆشی شێتی مانگا بووبن، کە بەهۆیەوە لە ساڵی رابردوودا چەند وڵاتێک هاوردەکردنی ئاژەڵیان لە بەڕازیلەوە راگرت، مەترسی ئەو نەخۆشیەش لەوەدایە خێرا بڵاودەبێتەوە و دەبێتە هۆی مرداربوونەوەی ئەو ئاژەڵانەی توشی دەبن، هەر بۆیە کەشتییەکە بە “کەشتی مەرگ” ناودەبرێت.

هەواڵەکە هەر زوو بە میدیا عێراقییەکاندا بڵاوبووەوە، تا ئەوەی کۆمپانیای گشتی بەندەرەکانی عێراق هاتەدەنگ و رایگەیاند کە هێشتا ئەو کەشتییە رێگەپێدانی داگرتنی کاروانەکەی وەرنەگرتووە، بۆیە دوای گەیشتنی بە بەندەری فاو پشکینی بۆ دەکرێت و ئەوکات بڕیاری کۆتایی دەدرێت.
 


ڕیکلام