دەربارەی وەرگرتنی خوێندکار لە کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجە روونكردنەوە دەدرێت

  2025-10-05  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لەروونكردنەوەیەكدا سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجە دەڵێت، لەبەر زۆریی پرسیاری خوێندکاران دەربارەی وەرگرتنی خوێندکار لە کۆلێجی پزیشکی، بە پێویستی دەزانین ئەم ڕوونکردنەوە بخەینەڕوو.

سەرۆكایەتی زانكۆی هەڵەبجە لەبارەی وەرگرتنی خوێندكار لە کۆلێجی پزیشکیی زانکۆكە دەڵێت، دوای پشتیوانیی جەنابی وەزیر بۆ وەرگرتنی خوێندکار لە کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی هەڵەبجە، بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥-٢٠٢٦، واژۆکردنی گرێبەستی کڕینی ئامێر و پێداویستییەکانی لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی تەندەرەکەی بۆ یەکلابووەتەوە، هەروەها پشتیوانیی نوسینگەی جەنابی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی بینای کۆلێجەکە، ئەنجومەنی زانکۆ بڕیاریدا بە وەرگرتنی خوێندکار بۆ ئەم ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥ - ٢٠٢٦، بۆیە وەرگرتنی خوێندکار لە کۆلێجی پزیشکی وابەستەیە بە گەیشتنی ئەو ئامێر و پێداویستییانە و تەواوکردنی بینای کۆلێج.

لەروونكردنەوەكەشدا هاتووە، شێوازی وەرگرتن لە ڕێگەی فۆرمی ڕاستەوخۆوە دەبێت، کە ڕێکەوتەکەی دەکەوێتە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی زانکۆلاین و دیاریکردنی ئەو ژمارە خوێندکارەی دەتوانرێت وەربگیرێن، لەگەڵ دیاریکردنی مەرجەکان و کۆنمرەی پێشکەشکار، لە لایەن زانکۆ و لایەنی تایبەتمەند لە وەزارەت، کە لە پێگەی فەرمیی زانکۆدا بڵاودەکرێتەوە.




ڕیکلام