بەهمەن قادر: تا ئیستا بەئەلیکترۆنیکردنی پارەی بەنزین نەگەشتوەتە هەرێم

  2024-03-23  | 
دۆسیە:  سلێمانى
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: لەشارەکانی عێراق بەئەلیکترۆنیکردنی پارەی بەنزین بڕیارەو پابەندبونیش پێوەی ناچارییە، بەڵام بەنزینخانەکانی هەرێم سەربەخۆن و ‌ئەو بڕیارە نەیانگرێتەوە.

بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاند: بەنزینخانەکانی خواروی عێراق سەر بەحکومەتی عێراقن‌و پابەندبونیان هەیە، چونکە حکومەت بەنزینەکەیان بۆ دابیندەکات‌و دەبێت پارەکەش بچێتەسەر هەژماری بانکیی بۆیە پابەندبوون بە بڕیاری پارەدانی ئەلیکترۆنی ناچاریە .

سەبارەت بەئەلیکترۆنیکردنی پارەی بەنزین لەهەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، تائێستا نەگەیشتوەتە هەرێمی کوردستان، چونکە ئێمە بەنزینخانەکانمان بازرگانییەو سەربەخۆیە.

ئەوەشی وت:"لەبەشێکی بەنزینخانەکان سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنیمان هەیە کە هاوڵاتییان دەتوانن بەکاریبهێنن بەتایبەتی هاوڵاتییانی عەرەب، بەڵام کارکردن پێی لاوازەو خەڵکی پشتی پێنابەستن".

باسی لەوەشکرد، ئەو سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنییەی عێراق لەگەڵ هەرێم جیاواز دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر جێبەجێبکرێت، پێوەی پابەند دەبین.


ڕیکلام