ئێران هەناردەی غازی بۆ عێراق راگرت

  2024-11-24  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرایکرد وڵاتی ئێران هەناردەی غازیان راگرتەوە و ئەمەش بوەتە هۆی زیان گەیاندن بە کەرتی کارەبا

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند: بەهۆی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەوە، هەناردەی غازی ئێران بۆ عێراق بەتەواوەتی راوەستاوە، بەپێی قسەی لایەنی ئێرانی، پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە ١٥ رۆژ دەخایەنێت. 

ئاماژەی بەوەشداوە: بەهۆی راوەستانی هەناردەی غازی ئێرانەوە بۆ بەغدادو ناوچەکانی ناوەڕاست و پارێزگاکانی فوراتی ناوەڕاست، سیستەمی کارەبای عێراق بڕی (٥٥٠٠) مێگاوات کارەبای لەدەستداوە. 

دەشڵێت: دەبوو ئەمڕۆ بڕی بەردانەوەی غاز (٢٥ ملیۆن مەتر سێجا/ رۆژانە) بێت، ئێستا ئەوەی نێردراوە بریتییە لە (٧ ملیۆن مەتر سێجا) کە رەوانەی بەغدادو ناوەڕاستی ناوچەکانی باشور کراوە.

باسی لەوەشکردوە: بەگوێرەی رێنماییەکانی حکومەت، لەگەڵ وەزارەتی نەوت هەماهەنگیی دەکەین بەمەبەستی قەرەبووکردنەوەی ئەو بڕە غازەی کە سیستەمی کارەبا لەدەستیداوە، داوا لە هەموو لایەک دەکەین رەچاوی ئەو بارودۆخە بکەن کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئێمەیە، دەست بە بەکارهێنانی کارەباوە بگرن تا ئەوکاتەی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە تەواو دەبێت و دەست بە ناردنەوە بڕی پێویستی غاز دەکرێت.