عەتوان عەتوانی: لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دۆسییەی نەوت لەیەکگەیشتنمان هەیە

  2024-12-16  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای کۆبوونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای ساڵی نوێدا کێشەکان تایبەت بە دۆسیەیی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرببن، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەلێت، "لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دۆسییەی نەوت لەیەکگەیشتنمان هەیە".

عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: ئەو سەردانانەی وەفدی پەرلەمانی عێراق بۆ هەولێر ئەنجامیداوە ئەنجامی باشی هەبووە سەبارەت بە  داهاتە نەوتی و نانەوتیەکان و گونجاندنی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانای بیانیەکان.

ئاماژەی بەوەشداوە:  لێکتێگەیشتنەکانی نێوان هەرێم و بەغداد پەیوەستە بە دۆسیەکانی داهاتی نەوتی و نانەوتی، تێچووی ئەو گرێبەستانەی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت ئەنجامیدەدات، ئامانجی ئەمەش دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمە.

سەرۆکی لیژنەی دارایی باسی لەوەشکردوە: حکومەتی هەرێم باسی لە هەندێک ژمارە کردوە جیاوازە لەوەی حکومەتی فیدراڵ باسی کردووەو لەوبارەیەوە بەدواداچون بۆ داتاکان دەکەن.ئەوەشی خستەڕوو، لە دیدارەکانیاندا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم جەختیان کردوەتەوە لەسەر یەکخستنی تاریفەی گومرگی و یەکخستنی دەروازەکان بۆ رێکخستنی داهاتەکان و رێگریکردن لە خۆدزینەوەی لە باج و بە ئەلەکترۆنیکردنی داتاکان.