یەکەم پەیوەندی راستەوخۆی دیبلۆماسی لەنێوان ئیسرائیل و رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدرا

  2025-01-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان ئیسرائیل و رۆژئاوای کوردستان پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە، لە نێترین پێشهاتدا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ڕۆژئاوا دۆخی کوردیان تاوتوێکرد

سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایانکرد، گیدیۆن سار وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و ئێلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کۆمەڵێک پرسی گرنگی ناوچەکەیان تاوتوێکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "ئیسرائیل هەیۆم"، لە میانەی پەیوەندییەکەدا ئێلهام ئەحمەد زانیاری وردی لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و کوشتنی هەڕەمەکی و دەستگیرکردنی هاوڵاتیانی کورد لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سووریاوە خستەڕوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەختیکردەوە کە لە سەرجەم کۆبوونەوە دیپلۆماسییەکانیدا لەگەڵ هاوتاکانی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە.

شایەنی باسە ئەمە یەکەم پەیوەندی ڕاستەوخۆی ئاشکرای نێوان وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و بەرپرسانی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە کە لە میدیاکانەوە بڵاودەکرێتەوە.