تورکیا نیگەرانە لە کۆبوونەوەکەی مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانی

  2025-01-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسانی حکومەتی تورکیا لەڕێگەی میدیاکانەوە نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن دژی کۆبوونەوەی مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارانی دەڵێن، "لە کۆبوونەوەکەدا داوای ڕاگرتنی هێرشەکانی سەر ئەنقەرە کراوە".

ڕۆژنامەی یەنی شەفەقی تورکی کە سەر بە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیایە لە راپۆڕتێکدا زانیاری لەسەر کۆبوونەوەکە دەخاتەڕوو و، ناوی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی هێناوە، بەڵام مەزڵوم عەبدی وەک "سەرۆکی ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو" ناساندووە لە کاتێکدا هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی کاریگەرییان لە کۆتایهێنانی داعش لە سوریا گێڕا.

بەپێی زانیاری رۆژنامەکە، کۆبونەوەکەی بارزانی و عەبدی دوای نائومێدبوونی هەسەدەیە لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانیان هەر بۆیە لە دواجاردا هانایان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بردووە.

رۆژانامە تورکیەکە ئەوەی نوسیوە، بارزانی داوای کردووە یەپەگە لە پەکەکە جیا بکرێتەوە و کۆتایی بەر هێرش و هەڕەشەکانی سەر تورکیا بهێنرێت.  

نیگەرانیەکانی تورکیا لە کاتێکدایە، لەڕێگەی گروپە چەکدارە بەکرێگیراوەکانیەوە هێرشێکی فراوانی کردوەتەوە سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و لەزەوی و ئاسمانەوە بۆردومانی دەکات، هاوکات کورد لە رۆژئاوا خەریکی خۆ رێکخستنەوە و خۆ ئامادەکردنەوە بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی نوێ دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا.