مەزڵووم عەبدی و شاندی حکومەتی دیمەشق کۆبوونەوە

  2025-04-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ لە شاری حەسەکە دووەمین کۆبوونەوەی نێوان فەرماندەی گشتیی هەسەدە و شاندی حکومەتی دیمەشق ئەنجامدرا و جەخت لە پێویستی ڕاوەستاندنی شەڕ و ئاڵۆزی لە سەرانسەری سووریا و گەڕانەوەی ئاوارەکان و بەدوورگرتنی بەنداوی تشرین لە شەڕ کردەوە.

لە چوارچێوەی پێکهێنانی خاڵەکانی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداردا، ئەمڕۆ مەزوڵم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و شاندێکی حکومەتی ڕاگوزەری دیمەشق بە سەرۆکایەتیی حوسێن سەلامە، لە حەسەکە کۆبوونەوە.

بەپێی زانیارییەکان، لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی تەواوکردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع کراوە، هەروەها جەخت لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەکان و ڕاگرتنی شەڕ لە سووریا کراوەتەوە، هەروەها دوورخستنەوەی بەنداوی تشرین لە هێرشە سەربازییەکان.

هەروەها، گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ تاوتوێکردنی گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانە کراوەتەوە، کە بە زۆرەملێ لە هەموو ناوچەکانی سووریا ئاوارە کراون.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، ناوی ئەندامانی ئەو لیژنەیەش ئاشکرا کرا، کە نوێنەرایەتیی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن لە دیالۆگ لەگەڵ حکومەتی دیمەشق و لە ماوەیەکی کورتدا دەست بە کارەکانی دەکات.

ئەندامەکان پێکهاتوون لە فەوزە یوسف، عەبد حامید مەهباش، ئەحمەد یوسف، سەنحاریب بەرسۆم، سوزدار حاجی.، هاووتەبێژەکانی لیژنەکەش مەریەم ئیبراهیم و یاسر سلێمان دەبن.

جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی 10ـی ئاداری 2025، ڕێککەوتنێکی هەشت خاڵی لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری ڕاگوزەری سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کرا.