بەغدا و دیمەشق تاوتوێی کاراکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک - بانیاس دەکەن

  2025-08-12  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
محەممەد بەشیر، وەزیری وزەی سووریا و شاندی یاوەری لە بەغدا لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی کاراکردنەوەی بۆری نەوتی کەرکوک - بانیاس-یان کرد.

ئاژانسی هەواڵی سانای سوری بڵاویکردەوە، لە میانی دیدارەکەیاندا، محەممەد بەشیر باسی لە دۆخی کەرتی وزەی سووریا کرد و ڕوونیکردەوە کە سووریا جگە لە بەرهەمی ناوخۆ، مانگانە نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هاوردە دەکات، بۆ دابینکردنی پێداویستی هاووڵاتیان.

وەزیری وزەی سووریا، جەختی لە گرنگی بەستنەوەی بۆرییە نەوتییەکانی نێوان سووریا و عێراق کردەوە و وتی، بۆری نەوتی نێوان کەرکوک و بەندەری بانیاس زۆر کۆن بووە و پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی هەمەلایەنە هەیە بۆ نۆژەنکردنەوە.

لای خۆیەوە وەزیری نەوتی عێراق خواستی وڵاتەکەی بۆ کاراکردنەوەی هێڵی بۆری نەوتی کەرکوک - بەندەری بانیاس دەربڕی و پێشنیازی کرد ڕاوێژ بە دەزگایەکی تایبەتمەند بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی کاراکردنەوەی بۆریەکە، ئاماژەی بەوەش کردووە، لەوانەیە بۆریە کۆنەکە نۆژەن بکەنەوە، یان بۆریەکی نوێ دروست بکەن.

یاریدەدەری وەزیری وزەی سووریا بۆ کاروباری نەوت، غیاس دیاب، ئاماژەی بەوەکردووە، وێستگەکانی پەمپکردن بەدرێژایی ڕێڕەوی بۆرییەکە خەریکە لەناو دەچن، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی گشتگیر هەیە، لەوانە نوێکردنەوەی بۆری و تانک و پەمپەکان، ئەمە جگە لە ژێرخانی کارەبا و کارە مەدەنییەکان.

 


ڕیکلام