وەزارەتی دەرەوەی عێراق: باسکردن لە پرۆژەی ئیسرائیلی گەورە گاڵتەکردن بە سەروەریی وڵاتانە

  2025-08-14  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە "ئیسرائیلی گەورە"ی بە توندی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند ئەم لێدوانانە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی وڵاتان و یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکانن.

 وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەو لێدوانانەی قەوارەی داگیرکەر سەبارەت بەوەی پێی دەوترێت "دیدگای ئیسرائیلی گەورە" بە روونی تەماحە فراوانخوازییەکانی ئەم قەوارەیە ئاشکرا دەکات و هەوڵەکانی بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە پشتڕاست دەکاتەوە".

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، وەزارەت پێی وایە کە ئەم لێدوانانە گاڵتەکردنێکی ئاشکران بە سەروەریی وڵاتان و پێشێلکارییەکی زەقی یاسای نێودەوڵەتی و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانن، ئەمەش پێویستی بە هەڵوێستێکی ڕوون و یەکلاکەرەوەی عەرەبی و نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی لەم شێوەیە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختیشی کردووەتەوە، " ئەم لێدوانە بێشەرمانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامیی دەسەڵاتدارانی داگیرکەر لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دەستدرێژی و ئەنجامدانی تاوان دژی گەلی فەڵەستین".


ڕیکلام